Nov 16, 2009

پاك راگرتنی ده‌م و ددان بیره‌وه‌ری به‌هێز ده‌كات





شڤان گۆران ... توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ده‌ریخست كه‌ خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشی شه‌ویلگه‌كان له‌رێگه‌ى پاككردنه‌وه‌ى ددانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى رێكوپێك و پاككردنه‌وه‌ى كه‌لێنی ددانه‌كان له‌ پاشماوه‌ى خۆراك به‌ داوى تایبه‌ت ده‌بێته‌ هۆى هێشتنه‌وه‌ی هێزی بیره‌وه‌ری مرۆڤ ته‌نانه‌ت له‌دواى ته‌مه‌نی به‌سالاچوونیش .

توێژه‌ران به‌م دواییه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و رایه‌ى كه‌ بایه‌خنه‌دان به‌ ددانه‌كان و پاكرانه‌گرتنیان مه‌ترسی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كان زه‌هایمه‌ر و دڵ و شه‌كره‌ زیاد ده‌كات .

هه‌روه‌ها توێژه‌رانی ئه‌مه‌ریكی له‌ كۆلێژی كۆلۆمبیا بۆ پزیشكان له‌ نیویۆرك ده‌لێن كه‌ نه‌خۆشی شه‌ویلگه‌كان كار ده‌كاته‌ سه‌ر چالاكی مێشك و ده‌بێته‌ هۆی هه‌وكردن له‌ له‌شی مرۆڤ و لاوازبوونی بیره‌وه‌ری .

رۆژنامه‌ى ده‌یلی میل رایگه‌یاند كه‌ توێژینه‌وه‌كه‌ چه‌ند كه‌سێكی شه‌ست ساڵی به‌سه‌ره‌وه‌ گرته‌وه‌ و له‌ده‌ره‌نجامدا بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى نه‌خۆشی شه‌ویلگه‌كانیان هه‌یه‌ رووبه‌رووی كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌ بیرهاتنه‌وه‌ی شته‌كان له‌دواى ماوه‌یه‌كی كورت .

دكتۆر جێمس نۆبل روونی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى نه‌خۆشی مه‌ترسیداریان له‌ شه‌ویلگه‌كانیاندا هه‌یه‌ له‌ كرداره‌ ژمێریارییه‌كاندا زیاتر تووشی هه‌ڵه‌ ده‌بن و ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ توێژینه‌وه‌كه‌ 2350 ئافره‌ت و پیاوی گرته‌وه‌ و سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نه‌بوونه‌ به‌لام به‌لگه‌ى زیاتر هه‌ن كه‌ پشتگیری له‌ تیۆرى په‌یوه‌ندی نێوان گرنگی نه‌دان به‌ ته‌ندروستی ده‌م و هێزی بیره‌وه‌ری مرۆڤ ده‌كات .

No comments:

Post a Comment