Oct 4, 2009

7 هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ى كۆلسترۆلی خوێن


شڤان گۆران ... به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى هه‌ندێ جۆری كۆلیسترۆل له‌خوێن به‌دیارترین هۆكارى جه‌لته‌كانى دڵ داده‌نرێت كه‌ له‌ ئه‌نجامی كه‌له‌كه‌ بوونى كۆلیسترۆل له‌ بۆرییه‌كانى خوێندا دروست ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆى په‌یدابوونی كێشه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی .

كۆلسترۆل له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك له‌ خوێندا به‌رز ده‌بێته‌وه‌ ، له‌وانه‌یه‌ جۆری خۆراك و مێژووى پزیشكیی خێزان و چه‌ند هۆكارێكی تر ، كه‌ ده‌توانرێت هه‌موویان چاره‌سه‌ربكرێن و به‌ ته‌ندروستییه‌كى باشتر بژیت ، ئه‌و حه‌وت هۆكارانه‌ش ئه‌مانه‌ن :

خۆراك : زۆر جۆرى خۆراك بڕی زۆری چه‌ورییان تێدایه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆى زیاد بوونی رێژه‌ى كۆلیسترۆل له‌ خوێندا ، ئه‌م چه‌ورییانه‌ش به‌رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ گۆشتی مانگا و به‌راز و مه‌ڕ و شیر و كه‌ره‌ و په‌نیردا هه‌ن .

هه‌روه‌ها ئه‌و خۆراكه‌ قوتووكراوانه‌ى رۆنی گوێزی هندی ، و رۆنی خورما ، و كه‌ره‌ى كاكاویان تێدایه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كن له‌ سه‌رچاوه‌كانى ئه‌م چه‌ورییانه‌ ، سه‌ره‌راى ئه‌مانه‌ش ئه‌م چه‌ورییه‌ له‌ هه‌ندێ له‌ جۆره‌كانى بسكویتدا به‌دی ده‌كرێت .

كێشی زیاد : سه‌ره‌راى كاریگه‌ریی نه‌رێنی كێشی زیاد له‌ ژیانى كۆمه‌لایه‌تیدا ، ئه‌م زیادییه‌ ده‌بێته‌ هۆى زیادبوونی چه‌ورییه‌ سێیه‌مییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌ندێ جۆری كۆلیسترۆلی به‌سوودی وه‌كو HDL .

ئاستى چالاكی : كه‌می چالاكی و ئه‌نجامنه‌دانى وه‌رزش ده‌بێته‌ هۆى زیادبوونى رێژه‌ى كۆلیسترۆلی زیانبه‌خشی LDL و ده‌بێته‌ هۆى دابه‌زاندنی جۆره‌ سوودبه‌خشه‌كان ، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌رزش و جووڵه‌ به‌شێوه‌یه‌كى رێك و پێك و به‌رنامه‌ بۆ دارێژراو ئه‌نجام بدرێت .

ره‌گه‌ز و ته‌مه‌ن : رێژه‌ى كۆلیسترۆل به‌شێوه‌یه‌كى خۆكارانه‌ دواى ته‌مه‌نی بیست ساڵی له‌ ئافره‌ت و پیاواندا زیاد ده‌كات ، دواى ئه‌مه‌ش له‌ پیاواندا له‌دواى ته‌مه‌نی 50 ساڵیدا به‌رز ده‌بێته‌وه‌ ، و له‌لاى ئافره‌تانیشدا ئاستی كۆلیسترۆل به‌نزمی ده‌مێنێته‌وه‌ تاوه‌كو ده‌گه‌نه‌ ته‌مه‌نی بێ هیوابوون ، پاشان ئه‌م ئاسته‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و وه‌كو هی پیاوی لێدێت .

باری ته‌ندروستی گشتی : تووشبوون به‌ هه‌ندێ نه‌خۆشی وه‌كو شه‌كره‌ ده‌بێته‌ هۆى زیادبوونى رێژه‌ى كۆلیسترۆل له‌خوێندا ، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رده‌م سالانه‌ پشكنینی پزیشكیی ئه‌نجام بده‌ین و ئاگاداری باری دڵ و ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانى په‌یوه‌ندیدار به‌ رێژه‌ى كۆلیسترۆل بین هه‌وڵ بده‌ین له‌و هۆكارانه‌ به‌دوور بین كه‌ ده‌بنه‌ هۆى زیادبوونی له‌ خوێندا .

مێژووى ته‌ندروستی خێزان : زۆرجار هۆكاره‌ بۆماوه‌ییه‌كان رۆڵێكی گرنگ ده‌بینن له‌ ته‌ندروستی تاك كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندی نێوان هۆكاری نه‌خۆشی و جینه‌ بۆماوه‌كان له‌ نه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر ، بۆیه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى كۆلیسترۆل لاى تاكه‌كانى خێزان به‌تایبه‌تى باوك و دایك واته‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى لاى تاكه‌كانیش ، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات زیاتر ئاگادار بین له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل مه‌سه‌له‌كه‌دا .

جگه‌ره‌ كێشان : هه‌رچه‌نده‌ جگه‌ره‌ كێشان نابێته‌ هۆى زیادكردنى رێژه‌ى كۆلیسترۆلی زیانبه‌خش به‌لام ده‌بێته‌ هۆى دابه‌زاندنی جۆره‌ به‌سووده‌كانی ، بۆیه‌ باشتر وایه‌ واز له‌ جگه‌ره‌ بهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ى دڵ ته‌ندروستییه‌كى باشتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت .

No comments:

Post a Comment