Sep 24, 2009

چۆن په‌ره‌ به‌ زیره‌كى منداڵه‌كه‌ت ده‌ده‌یت له‌ ساڵی یه‌كه‌می ته‌مه‌نیدا ..؟



جوانترین شت له‌جیهان بۆ دایك و باوك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ منداڵه‌كانیان ببینن به‌ هێمنى دانیشتوون و كاتێكى خۆش له‌گه‌ڵ یارییه‌كانیان ده‌به‌نه‌ سه‌ر كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌م شته‌ش هه‌رِه‌مه‌كى بێت ، له‌وانه‌یه‌ دایك و باوك ئه‌وه‌ نه‌زانن كه‌ ئه‌و یارییه‌ى ئه‌و منداڵه‌ ده‌یكات لایه‌نێكى گرنگى گه‌شه‌ى ئه‌و منداڵه‌ ده‌نوێنێ . یاریكردن رێگای منداڵه‌ بۆتێگه‌یشتن له‌ جیهانى ده‌وروبه‌رى ، كارى منداڵ بریتییه‌ له‌ گه‌شه‌پێكردنى توانا جۆربه‌جۆره‌كانی له‌ رێگه‌ى یارییه‌ رۆژانه‌كانیدا . بۆ نموونه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌وڵی منداڵ بۆ دانانى په‌نجه‌كانى پێی بۆ ده‌می هه‌ولێكى سه‌یر بێت كه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ وه‌ك راهێنانێك وایه‌ بۆ په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگی نێوان ده‌ست و چاو .. هه‌روه‌ها راهێنان كردن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان . هه‌ماهه‌نگییه‌كان لاى منداڵ په‌ره‌ده‌سه‌نن بۆ چه‌ند باره‌ كردنه‌وه‌ى گرتنى په‌نجه‌كانى پێی و سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى كه‌ چه‌ند جارێك سه‌ركه‌وتوو نابێت به‌لام هه‌وڵی چاككرنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام بدات . كاتێك دایكوباوك ده‌زانن كه‌ چ جۆره‌ یارییه‌ك تواناكانى منداڵه‌كه‌یان دروست ده‌كات ، ده‌توانن هه‌ر له‌ ماڵه‌وه‌ قوتابخانه‌یه‌ك بۆ توانا زانستییه‌كانى منداڵه‌كه‌یان دروست بكه‌ن
.
هه‌ندىَ یارى هه‌یه‌ كه‌ منداڵ به‌ته‌نیا ده‌یكات كاتێك به‌ته‌نیا له‌ شوێنێك بێ بۆ دۆزینه‌وه‌ى جیهانى ده‌وربه‌رى وه‌كو مژینى په‌نجه‌كانی ، یان دۆزینه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌كانى له‌شی به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ، پێویسته‌ دایك و باوك هانى ئه‌م جۆره‌ یارییانه‌ بده‌ن و كاتێكی تایبه‌ت بده‌نه‌ منداڵه‌كه‌یان كه‌ به‌ته‌نیا بێت . ئه‌و جۆره‌ یارییانه‌ یاری ئه‌رێنین كه‌ منداڵ تیایدا پشت به‌ ئه‌قڵی خۆى ده‌به‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ى شته‌كان تێ بگات كه‌ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ په‌ره‌ به‌ هه‌سته‌كانى منداڵ ده‌دات و دیده‌كانى بۆ شته‌كان و سووده‌كانى .
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ندىَ یارى دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ گه‌وره‌كان ده‌توانن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان ئه‌نجامى بده‌ن بۆ په‌رپێدامى به‌هره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانى . بۆنموونه‌ : كه‌سێكى گه‌وره‌ به‌ده‌سته‌كانى ده‌مو چاوى خۆى بگرێت و له‌ پرِێكا لای بدات منداڵه‌كه‌ پێده‌كه‌نێ . به‌ چه‌ندباره‌ بوونه‌وه‌ى یارییه‌كه‌ منداڵه‌كه‌ فێرى گۆرینه‌وه‌ى رۆڵه‌كان ده‌بێت كه‌ توخمێكى سه‌ره‌كییه‌ بۆ تێكه‌ڵ بوون له‌گه‌ل خه‌لك . كاتێك ئه‌و یارییه‌ چه‌ند باره‌ ده‌بێته‌وه‌ منداڵه‌كه‌ فێر ده‌بێ كه‌ چاوه‌رێی شته‌ سه‌رسورهێنه‌ر و له‌ناكاوه‌كان بكات و پاشان له‌كاتى روودانى پێده‌كه‌نێ یان خۆشیی خۆى ده‌رده‌برێ. هه‌روه‌ها ئه‌و یارییانه‌ى كه‌ گه‌وره‌كان به‌شدارده‌بن یارمه‌تى په‌ره‌سه‌ندنى چه‌ند توانا و به‌هره‌یه‌كى دیارى كراو ده‌دات كه‌ منداڵ هه‌وڵ ده‌دات به‌ته‌نیا په‌ره‌یان پێ بدات وه‌كو بیستن و تێگه‌یشتن …
یارییه‌ فێركارییه‌كان چین ؟
یه‌كه‌م شت كه‌ پێویسته‌ دایك بیرى بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو شتێك له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ یارى بۆ منداڵه‌كه‌ی .. ” داده‌ ” و ” بابه‌ ” یارییه‌ ، شتومه‌كه‌ بێ ئازاره‌كانى ماڵه‌وه‌ وه‌كو قاپه‌ پلاستیكییه‌ ره‌نگداره‌كان یارین . و ته‌نانه‌ت جلوبه‌رگه‌كانیش ده‌بنه‌ یارى بۆ منداڵ .
هه‌موو ئه‌وانه‌ یارمه‌تى منداڵ ده‌ده‌ن بۆ فێر بوون و دۆزینه‌وه‌ى جیهانی ده‌وروبه‌ر .
ئه‌مه‌ش چه‌ند ئامۆژگارییه‌كه‌ كه‌ پزیشكانى پسپۆر پێشكه‌ش به‌ دایك و باوكانى ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى منداڵه‌كانى زۆرترین سوود له‌ یارییه‌كان ببینن :
یاریی بۆ منداڵی 0 تا 6 مانگى : ئه‌و بۆچوونه‌ى ده‌ڵێت منداڵ ناتوانىَ ببینێ یان ببیستێت له‌كاتى تازه‌ له‌ دایك بوونی راست نییه‌ ، منداڵه‌كانى ده‌توانن هه‌ندىَ ره‌نگی ســاده‌ش له‌م قۆناغه‌دا لێك جیا بكه‌نه‌وه‌ ، ( ره‌نگى سوور یه‌كه‌م ره‌نگه‌ كه‌ منداڵ ده‌توانێ بیبینێت ) ، مندالڕ گوێی له‌ ده‌نگه‌كانى ده‌وروبه‌رى ده‌بێت هه‌رچه‌نده‌ ناتوانێت به‌ شێوه‌یه‌كى راست ئه‌م ده‌نگانه‌ لێك بداته‌وه‌ ، بۆیه‌ واباشه‌ هه‌ر له‌ رۆژی یه‌كه‌مه‌وه‌ یارییه‌كى مۆسیقیی كه‌ ره‌نگه‌كانى ساده‌ بن له‌سه‌ر ته‌خت یان شوێنى منداڵه‌كه‌ دابنرێت ، هه‌رچه‌ند ده‌وروبه‌رى مندالًه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بوو به‌ ره‌نگ و شتى سه‌رنجراكێش ئه‌وا ئه‌گه‌رى گه‌شه‌ى مێشكى زیاتر ده‌بێت .
به‌ تێپه‌ربوونى مانگى سێیه‌م .. منداڵ تواناى جیاكردنه‌وه‌ى شته‌كانى هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و یارییه‌ى كه‌ حه‌زى لێیه‌ و هه‌وڵ ده‌دات پێی بگات و بیگرىَ ، زۆر گرنگه‌ كه‌ ئه‌و یارییه‌ فره‌ ره‌نگ بێت ، شێوه‌ى جیاجیای هه‌بێت ، بۆ گه‌شه‌پێكردنى هه‌سته‌كانى منداڵ له‌ جیاكردنه‌وه‌ى شته‌ جیاوازه‌كان له‌ رێگه‌ى ( بینین ، هه‌ست كردن ، و بیستن ( ئه‌گه‌ر یارییه‌كه‌ ده‌نگى هه‌بێت ) ، بۆ نموونه‌ ( خشخشه‌ ) ره‌نگداره‌كان كه‌ ده‌نگ و مۆسیقا ده‌رده‌كه‌ن له‌م ته‌مه‌نه‌دا به‌سووده‌ . ، له‌م ته‌مه‌نه‌دا زۆربه‌ی منداڵه‌كان یارییه‌كان ده‌كه‌نه‌ ده‌میانه‌وه‌ وه‌كو رێگایه‌ك بۆ ناسینى شته‌كان . به‌لام پێویسته‌ دایك و باوك زۆر ئاگادار بن له‌كاتى كرِینى ئه‌و یارییانه‌ كه‌ پارچه‌ى واى له‌گه‌ڵدا نه‌بێت كه‌ منداڵ پێی قووت بدرێت ، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئاگادارى پاك و خاوێنى پارچه‌ یارییه‌كه‌ بن .
یاریی بۆ منداڵی 7 تا 12 مانگى : منداڵ كه‌ له‌ ته‌مه‌ن گه‌وره‌تر بوو ، ده‌بێته‌ خاوه‌ن هه‌ندىَ بیرۆكه‌ى ساده‌ و ده‌توانێت تاراده‌یه‌ك خۆی و ئه‌ندامه‌كانى له‌شی و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌رده‌وام له‌ ده‌وروبه‌ریدان بناسێته‌وه‌ . یاری كردنیش له‌م ته‌مه‌نه‌دا پێویسته‌ یارمه‌تى گه‌شه‌پێكردنى ئه‌و توانا و به‌هره‌ نوێیانه‌ بدات ، به‌ سوودترین ئه‌و یارییانه‌ ئه‌وه‌ى ( بۆ پێشه‌وه‌ ده‌رِوات و ده‌گه‌رِێته‌وه‌ له‌ شێوه‌ى به‌ندۆلێكه‌ ) یان ئه‌و یارییانه‌ كه‌ یارمه‌تى منداڵ ده‌ده‌ن ره‌نگ و شێوه‌كان لێك جیا بكه‌نه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ئه‌و كتێبانه‌ى كه‌ لاپه‌ره‌ى قوماش یان پلاستیكى ره‌نگاو ره‌نگ دروست كراون و وێنه‌كانى ناوى گه‌وره‌و پرِ ره‌نگ و ساده‌ن , منداڵ ده‌توانێ به‌ده‌ست بیگرىَ یاخود بیخاته‌ ده‌مییه‌وه‌ ئه‌مه‌یان زۆر به‌سووده‌ ، هه‌روه‌ها دایك و باوك ده‌توانن ئه‌م كتێبه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى به‌سوودتر بۆ منداڵه‌كه‌یان به‌كاربێنن ،دایك ده‌توانێت ئه‌و شتانه‌ى كه‌ وێنه‌كانى كتێبه‌كه‌دا هه‌ن بۆ منداڵه‌كه‌ روون بكاته‌وه‌و ناو و ئه‌ركیان بۆ باس بكات ، ئه‌مه‌ یارمه‌تى په‌ره‌سه‌ندنى زمان و راده‌ى تێگه‌یشتنى منداڵه‌كه‌ ده‌دات ، هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتووه‌ چوارگۆشه‌ ( مكعبات ) ره‌نگاوره‌نگه‌كان په‌ره‌ به‌ تواناكانى منداڵ ده‌ده‌ن له‌ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كانى ، شێوه‌ى جیاجیاى یارییه‌كه‌ له‌ بازاردا هه‌یه‌ و بۆ منداڵه‌كان به‌سوودن . ئاگادار به‌ كه‌ یارى گونجاو له‌گه‌ل ته‌مه‌نى منداڵه‌كه‌ بكرِیت بۆ ئه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین سوودى بۆ منداڵه‌كه‌ هه‌بێت .
دایكی فه‌رمانبه‌ر چی ده‌كات ؟
ئه‌گه‌ر دایك له‌ شوێنێك كارى ده‌كرد یان فه‌رمانبه‌ر بوو ، ئه‌وا با كاتێك دیاری بكات بۆ ئه‌وه‌ى یارى له‌گه‌ل منداڵه‌كه‌ی بكات بێ ئه‌وه‌ى یه‌كێك له‌نێوانیاندا بێت ، ئه‌گه‌ر نا باوك یان باپیر یانیش داپیر ده‌توانێت ئه‌م شته‌ ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌شه‌ گرنگه‌ى ته‌مه‌نى منداڵه‌كه‌ ئیهمالیی تێدا نه‌بێت .
وه‌ سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ش هه‌موو تواناكانت بخه‌گه‌رِ بۆ هه‌ڵبژاردنى حه‌زانه‌یه‌ك كه‌ ئه‌وانه‌ تێیدا كار ده‌كه‌ن له‌ مه‌سه‌له‌ى په‌ره‌پێدانى تواناكانى منداڵ بزانن و شاره‌زایی ته‌واویان له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌بێت .یانیش منداڵه‌كه‌ت له‌لای ئه‌و كه‌سه‌ یاخود ئه‌و ئه‌ندامه‌ى خێزاندا جێبێله‌ كه‌ كاریگه‌رى ئه‌رێنى له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنى منداڵه‌كه‌ت ده‌بێت .
به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌ى گه‌شه‌ى مێشكی مرۆڤ كه‌ تا مرۆڤ مابێت له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت له‌ پێنج ساڵی یه‌كه‌مى ته‌مه‌نى مندالیدا دروست ده‌بێت . بۆیه‌ پێویسته‌ گرنگى به‌و قوناغه‌ گرنگه‌ بده‌ین له‌ ژیانى منداڵه‌كاندا

No comments:

Post a Comment