Oct 7, 2013

بۆچی لێخوڕینی پایسکل لە ھۆلەندا زۆر بەناوبانگە؟





لە ھۆڵەندا ژمارەی پایسکلەکان لە ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە زیاترە. لە شارەکانی وەکو ئەمستردام و ھاگوا زیاتر لە ٧٠% ی ھاتوچۆ لەرێگەی پایسکلەوە دەکرێن.
پێش جەنگی جیھانی دووەم، ھاتوچۆ لە ھۆڵەندا بەشێوەیەکی سەرەکی بە پایسکلەوە دەکرا، بەڵام لە ساڵانی پەنجا و شەستەکان کاتێک ئۆتۆمبێل زۆربوون، ئەمە گۆڕانکاری بەسەرداھات. وەکو زۆر لە ولاتانی ئەوروپی، شەقامەکان بەشێوەیەکی زیاد قەرەبالغ بوون و پایسکلسواران تەنگیان پێ ھەڵچنرا
.
ئەو ھەڵکشانەی لە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بووە ھۆکاری زیادبوونی ژمارەی مردووان لە شەقامەکاندا. لە ساڵی ١٩٧١ زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس بەھۆی ئۆتۆمبێلەوە گیانیا لەداستدا، ٤٥٠ لەوانە منداڵ بوون.
لە وڵامی ئەمەدا، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەناوی (Stop de Kindermoord) واتە منداڵکوشتن بوەستێنن پێکھێنرا کە داوای ھەڵومەرجێکی سەلامەتتری پایسکلسواری بۆ مندالان دەکرد.  ناوەکە لە سەردێری ھەواڵێک وەرگیرابوو کە لەلایەن ئەو رۆژنامەنووسەوە نووسرابوو منداڵەکەی لە ڕووداوێکی ھاتوچۆدا گیانی لەدەستدا .
بڕوای ھۆڵەندییەکان بە بەردەوامی و پشتبەستن بە ئۆتۆمبێل ئەوکاتە کەوتە ھەرەسھێنان کە قەیرانی سووتەمەنی رۆژھەلاتی ناوەڕاست لە ١٩٧٣ دەستی پێکرد، کاتێک ولاتە بەرھەمھێنەرەکانی نەوت ناردنەدەرەوەی نەوتیان بۆ ئەمەریکا و رۆژئاوای ئەوروپا ڕاوەستاند.
ئەم دوو فشارە پێکەوە ھاریکار بوون بۆ دەستەمۆکردنی حکوومەتی ھۆڵەندی بۆ پەرەپێدان بە ژێرخانێکی پێشکەوتووی پایسکلسواری و پلاندانەرانی شارەکان لە ھۆلەندا جیاواز لە سیاسەتی دروست کردنی رێگاوبانی ئۆتۆمبێل کە شارەکانی دیکەی رۆژئاوادا پەیرۆ دەکرا.
بۆ ئەوەی پایسکلسواری سەلامەتتر لێبکەن و زیاتر پێشوازی لێبکرێت، حکوومەتی ھۆلەندی تۆرێکی گەورەی رێگاوبانی پایسکلی دروستکرد.
ئەم رێگایانە بەشێوەیەکی ئاشکرا ھێماکراون، رووکەشێکی نەرمیان ھەیە، لێکجیاکردنەوەی ھێما و ڕووناکی بۆ پایسکلە دوو ویلەکان، ھەروەھا ئەوەندە بەرین بێت کە پایسکلەکان بتوانن لە تەنیشت یەکەوە بڕون و لەیەکتری ڕەت بن.


لە زۆر لە شارەکاندا، رێگاکانی پایسکل لە ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل بەتەواوی جیاکراونەتەوە. ھەندێجار لەو شوێنانەی کە جێگای پێویست نەماوە و ھەردووک دەبێت بەشداربن، ئەوا ھێماکان دەبینرێن کە وێنەی پایسکلێکە و ئۆتۆمبێلێک لە پشتییەتی لەگەڵ نووسینی “شەقامی پایسکل: ئۆتۆمبێلەکان میوانن”.
لە فلکەکانیشدا پێشینە بۆ ئەوانەیەی کە وزەی پەیدانەکان بەکاردەھێنن.
دەتوانیت لەدەوری فلکەیەکدا بە پایسکل بسووڕێیتەوە لەکاتێکدا زۆربەی جاران ئۆتۆمبێلەکان بە سەبرەوە چاوەڕێی تۆ دەکەن تاوەکو تێپەڕ ببیت.
تەنانەت پێش ئەوەی فێری رۆیشتن ببن، ھەر زوو منداڵانی ھۆڵەندی نوقمی جیھانی پایسکلسواری دەکرێن. منداڵەکان لە سەر کورسی تایبەتەوە سەفەر دەکەن. ئەم کورسییانەی زۆربەی جاران بە کولـلە ئامادەکراوە بۆ ئەوەی منداڵەکان لە کەش و ھەوا بپارێزێت، و زانراویشتە کە ھەندێ دایکوباوک بڕێک سامان خەرج دەکەن بۆ ئامادەکردنی ئامێرەکانیان.
کاتێک منداڵەکان گەورە دەبن خۆیان پایسکلی خۆیانیان بەدەستەوە دەگرن، کە ئەو شتەش ئاسانتر و سەلامەتتر کراوە لەوەی کە رێگاکانی پایسکل لێخوڕین ئەوەندە بەرینن بۆ منداڵەکان کە بتوانن لەگەڵ گەورەکاندا پایسکل لێبخوڕن.  لەکاتێکدا ھۆڵەندییەکان رێگایان پێنادرێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕن تاوەکو ١٨ ساڵی تەواو نەکەن، بۆیە پایسکل لێخوڕین شێوەیەکی دیکەی ئەلتەرناتیڤی ئازادی بۆ مێرمندالان فەراهەم دەکات.
دەولەتیش رۆڵ لە فێرکردندا دەگێڕێت، لەرێگەی وانەکانی فێرکردنی پایسکلسواری کە وانەیەکی ئیلزامییە لە پرۆگرامی خوێندن لە قوتابخانەکانی ھۆڵەندا. ھەموو قوتابخانەکان شوێنیان ھەیە بۆ ڕاگرتنی پایسکلەکان تیایدا و لەھەندێ قوتابخانەدا ٩٠% ی قوتابییەکان بە پایسکل رۆژانە دەچنە وانەکانیان.
لە شاری گرۆنینگین، وێستگەی ناوەندیی شەمەندەفەر شوێنێکی پارکینگی لە ژێر زەمیندا ھەیە کە جێگای ١٠,٠٠٠ پایسکلی لێ دەبێتەوە. وەک چۆن بۆ شوفێری ئۆتۆمبیلەکان دابین کراوە، پایسکلسوارەکانیش ژمێرەری ئەلیکترۆنیان بۆ دابین کراوە لە دەرگای چوونە ژوورەوەی گەراج، بۆ ئەوەی نیشان بدات چەند شوێنی بەتاڵ ماوە.
پارکینگی پایسکل لەھەموو شوێنێکدا ھەیە لە ھۆڵەندا، لەدەرەوەری قوتابخانە، بالەخانەی دەزگاکان و فرۆشگاکان. لە بەرانبەردا تۆ تەنھا دەبێت لە شوێنی دیاریکراودا پایسکلەکەت ببەستیتەوە، ئەگەر لە شوێنێکی ھەڵە بیبەستیتەوە ئەوا لادەبرێت و حجز دەکرێت، وە دەبێت ٢٥ یۆرۆ بدەیت بۆ ئەوەی بیگەڕێنیتەوە.
لە ماڵەوە، تەنانەت ئەو کەسانەی کە لەو شوقانەدا دەژین شوێنی تایبەتی ڕاوەستانی پایسکلی نییە، دەتوانن پایسکلەکانیان لە قاوش و ھۆڵە ھاوبەشەکانی شوقەکاندا جێبھێلن. ھەرچەندە ئەو ھۆڵ و قاوشانە پڕ دەبن لە پایسکل – بەلام خەڵک زۆر پایسکل لێدەخوڕن- بۆیە ھیچ کەس گوێیی ناداتی ئەگەر ھێدی ھێدی بە نێو پایسکلەکاندا تێبپەڕن ئەگەر بێزاریش ببن. چونکە ھی خۆیانیشی تێدایە!
پایسکلسواری ئەوەندە باوە کە کاتێک پرسیار لە خەڵک دەکرێت کە ئایا ئەوان پایسکلسوارن یان نا،  دەڵێن ” ئێمە پایسکلسوار نین، ئێمە تەنھا ھۆڵەندین.”
پایسکل شتێکی لاوەکی و جوانکاری نییە لە ھۆلەندا، بەلکو بەشێکی گرینگی ژیانی رۆژانەیە، بۆیە ھۆلەندییەکان خۆیان خەریک ناکەن بە کڕینی دواترین مۆدێلی پایسکل یاخود ئامرازە نوێیەکانی.
ئەوان پایسکلەکانیان بە ھاوڕێیەکی ڕاستگۆ دادەنێن لە سەرکەشییەکانی ژیاندا. لەم جۆرە پەیوەندییەدا تەمەندرێژیی دەخوات- واتە چەند کۆنتر بێت باشترە.
زۆربەی ھۆڵەندییەکان جلی تایبەت بە پایسکل لێخوڕین لەبەرناکەن، ئەوان بە ھەر جلوبەرگێک بێت بە پایسکل دەرۆنە سەر کارەکانیان یان شوێنی مەبەست. ھەروەھا کلاوی تایبەتیش لەسەر ناکەن، چونکە پێیان وایە بەھۆی ئەو یاسایانەی کە پایسکلسواری بالادەستە لە شەقامەکان و بەھۆی ئەو شێوەیەی کە ژێرخانەکە دیزاین کردوە، ئەوان پارێزراون. ئەوانەی کە ھالمێت (کلاوی تایبەت) لەسەر دەکەن لە ھۆڵەندا لەوانەیە گەشتیاران یانیش کەسانی پرۆفێشنال بن لە پایسکلسواریدا.
ئەو ڕاستیەی کە ھەمووکەسێک پایسکل لێدەخوڕێت، یانیش کەسانێک دەناسن کە لێدەخوڕن، ئەوە دەگەیەنێت کە شوفێران ھەست بە سۆزێکی زیاتر دەکەن بەرامبەر پایسکلسواران لە کاتێکدا ئەوان ھەردووک ھاوبەشن لە رێگاکاندا. لەبەرامبەردا، پایسکلسواران چاوەڕوانیان لێدەکرێت کە رێز لە یاساکانی رێگا بگرن و پێگیری پێبکەن. ئەگەر بە ئیھمالی و لەشوێنی ھەڵە لێبخوڕیت، یانیش لە گلۆپی سوور بدەیت ئەوا سزای ماددی دەدرێیت. ئەگەر پۆلیس لە شەواندا بەبێ ڕووناکی بتیبینێت، ئەوا ٦٠ یۆرۆ سزات دەدات. پۆلیسەکانیشن ئاسایی لەسەر پایسکلن. ھەروەھا لەوانەیە پارەی زیاتریش بدەیت ئەگەر فوسفورەکان نەبەسترابن بە پایسکلەکەتەوە.


کاتێک ھۆڵەندییەکان لە سەر جادەکانی دەرەوەدان، ھەست بەوە دەکەن کە بەھێزن و پارێزراون، ئەمەش ئەزموونەکان ھێشتا خۆشتر دەکەن. مەترسییەکان لەسەر جادەکاندا ھەن، بەڵام پایسکلسواران زۆر کەم توخنی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان، یان ئەو فلکانەی بەباشی دیزاین نەکراون،یانیش شوفێرە مەترسیدارەکان دەکەون و لێیان دوور دەکەونەوە.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شڤان گۆران

No comments:

Post a Comment