Feb 7, 2012

7 ئامۆژگاری سوودبه‌خش بۆ زوو زیادكردنی بڕوابه‌خۆبوون


1-    ئه‌م پرسیاره‌ زۆر جار له‌ خۆت بكه‌، " خراپترین شت كه‌ له‌وانه‌یه‌ رووبدات چییه‌؟"  ئێمه‌ گرنگیی زیاد له‌ راده‌ به‌و كێشانه‌ ده‌ده‌ین كه‌  ته‌نها له‌وانه‌یه‌ رووبده‌ن. هه‌موومان بڕی پێویست و دیاریكراوى خۆمان له‌ وزه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ با له‌ دروست كردنی په‌یوه‌ندییه‌ سه‌یر و كه‌م وێنه‌كاندا به‌كاری بێنین ، له‌ به‌ره‌وپێشبردنی ژیانی پیشه‌یی و گه‌یشتنمان به‌ ئامانجه‌كان به‌كاری بێنین له‌جیاتی له‌ده‌ستدان و به‌فیڕۆدانی ئه‌م وزه‌یه‌ له‌ نیگه‌رانیی وبێزاریی.  كارێك بكه‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ى كه‌ كۆنترۆلت له‌سه‌ریانه‌ و مه‌ترسیی ئه‌و شتانه‌ش كه‌م بكه‌ره‌وه‌ كه‌ كۆنترۆلت به‌سه‌ریاندا نییه‌. پاشان ژیرانه‌ و به‌ حیكمه‌ته‌وه‌ وزه‌كه‌ت وه‌گه‌ڕ بخه‌ و وبیخه‌ كار

.
2-    له‌ ئه‌نجامدانی شتێك بۆ یه‌كه‌مجار، وابێنه‌ به‌رچاوت كه‌ ئه‌م شته‌ت پێشتر له‌ رابردوودا ئه‌نجام داوه‌، چاوه‌كانت بگره‌، پاشان به‌ به‌ هه‌ستێكی به‌هێز و قووڵه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنت بێنه‌ به‌رچاو له‌و شته‌ى كه‌وا به‌ته‌مایت بۆ جاری یه‌كه‌م ئه‌نجامی بده‌یت. مێشك ناتوانێت جیاوازی بكات له‌نێوان شتێك كه‌ به‌ هه‌ستێكی به‌هێز هێنرابێته‌ به‌رچاو ( خه‌یاڵكرد) و شتێكی راسته‌قینه‌. به‌ به‌كارهێنانی هه‌ر پێنج هه‌سته‌كانت ئه‌و شته‌ بكه‌ شتێكی چالاك  و زیندوو.
3-    كه‌سێك بدۆزه‌ره‌وه‌ له‌ نزیك خۆت كه‌ بڕواى به‌خۆى بێت و كۆپی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی بكه‌. ئه‌وه‌نده‌ى ده‌توانیت به‌دواى ره‌فتار و هه‌ڵوێست و به‌ها و بیروباوه‌ڕه‌كانیان بكه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تێكدا كه‌ ده‌ته‌وێ بڕوات به‌خۆت بێت. چۆن ده‌توانیت ئه‌مه‌ بكه‌یت؟ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌ ده‌توانیت قسه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا پێكبێنه‌، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌توانیت سوودیان لێ وه‌ربگره‌. ئه‌مه‌ له‌و حاڵه‌ته‌شدا ده‌كرێت ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌یت كه‌ كه‌سه‌كه‌ ده‌ناسن.
4-    رێساى " ئه‌گه‌ر" به‌كاربێنه‌. من زۆر ئه‌م رێسایه‌م خۆش ده‌وێ. ئه‌گه‌ر بڕوات به‌خۆت بێت، هه‌ڵسوكه‌وتت چۆن ده‌بێت؟ چۆن ده‌جوولێیته‌وه‌؟ چۆن قسه‌ ده‌كه‌یت؟ بیر له‌ چی ده‌كه‌یته‌وه‌؟ له‌ناخه‌وه‌ چی به‌خۆت ده‌ڵێیت؟ به‌ ئاراسته‌كردنی ئه‌م پرسیارانه‌ له‌ خۆت، تۆ پاڵده‌درێیت بۆ ولامدانه‌وه‌یان به‌ چوونه‌سه‌ر باری بڕوا به‌خۆبوون. ئه‌و كاته‌ش تۆ كارت به‌ رێسای " ئه‌گه‌ر"  كردووه‌. ئێستا له‌بیركه‌ كه‌ ئه‌م شته‌ ته‌نها نواندنه‌ ،له‌ كاتێكی زوودا په‌ره‌ى پێ ده‌ده‌یت و ده‌بێته‌ نه‌ریتێكی رۆژانه‌.
5-    بڕۆ بۆ ناو داهاتوو و پرسیار بكه‌ ئه‌گه‌ر رووبه‌رووی مه‌سه‌له‌یه‌كی وا گه‌وره‌ ببیته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌وانه‌یه‌ تا راده‌یه‌ك ره‌شبینانه‌ بێت به‌ڵام زۆر به‌ باشی كار ده‌كات. بێنه‌ به‌رچاوت كه‌له‌سه‌ر ته‌ختی مردندایت و سه‌یری دواوه‌ى ژیانت ده‌كه‌یت. هاوڕێ و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ت له‌ ده‌ورتدا كۆبوونه‌ته‌وه‌ و خه‌ریكی پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌ ژیانی رابردووتدا ده‌كه‌یت. ئایا ئه‌و شتانه‌ى رووبه‌رووی بوویه‌ته‌وه‌ ئێستاكه‌ ده‌رده‌كه‌وێت؟ ئه‌مه‌ تاراده‌یه‌كی زۆر دووره‌ له‌ روودان. هێشتنه‌وه‌ى شته‌كان له‌ دیدگای دروسته‌وه‌ به‌ڕاستی ترس كه‌م ده‌كاته‌وه‌ .
6-    بیرت بێت كه‌ 100% ئه‌و هه‌لانه‌ ده‌دۆڕێنیت كه‌ هه‌رگیز هه‌وڵ ناده‌یت به‌ده‌ستیان بێنیت. بۆ ده‌ستهێنانی ئه‌و شتانه‌ى ده‌ته‌وێت، به‌دوایاندا بگه‌ڕێ. بڕواى ته‌واوم هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پرسیاری ژماره‌یه‌كی پێویستی خه‌ڵك بكه‌م له‌هه‌ر شتێك كه‌ بمه‌وێت به‌ده‌ستی بێنم، ده‌توانم به‌ده‌ستی بێنم. ئه‌مه‌ هه‌موو كاتێك راست نییه‌ به‌ڵام خۆ بیرۆكه‌یه‌كی باشه‌. كاتێك بیر له‌ ئامانجه‌كانت و ئه‌وه‌ی له‌پێناویدا تێده‌كۆشیت ده‌كه‌یته‌وه‌، چه‌نده‌ كاریگه‌ری به‌سه‌رته‌وه‌ ده‌بێت له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر بڕوات به‌خۆت هێنا كه‌ هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌وێ ده‌یانه‌وێ یارمه‌تیت بده‌ن ته‌نها ئه‌گه‌ر تۆ داوایان لێ بكه‌یت؟ هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ راست بێت یان نا له‌ "جیهانی راسته‌قینه‌"دا ئه‌وا كێشه‌ نییه‌. ئه‌گه‌ر بینیت ئه‌م بیروبۆچوونه‌ هێز و وزه‌ت پێده‌به‌خشێ، ئه‌وا داوات لێ ده‌كه‌م كه‌ به‌كاری بهێنیت.
7-    "ئه‌و ده‌نگه‌ بێزاركه‌ر و ره‌خنه‌گره‌ نه‌رێنییه‌ی ناوه‌خۆت له‌كار بخه‌. ئه‌م ده‌نگه‌ نه‌رێنییه‌ ناوه‌خۆییه‌ ده‌توانێت هه‌موو كه‌سێك رابگرێت و بیوه‌ستێنیت. بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگه‌ ناوه‌خۆییه‌كه‌ت له‌ كاربخه‌یت، كۆنترۆلی ده‌نگ بێنه‌به‌رچاوی خۆت و ده‌نگه‌كه‌ كز بكه‌. یان چۆنه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌ ناوه‌خۆییه‌كه‌ بگۆڕیت بۆ ده‌نگی میكی ماوس؟ پێت وایه‌ ئه‌گه‌ر میكی ماوس ره‌خنه‌ت لێ بگرێ ئه‌وا به‌ جدی لێی وه‌رده‌گریت؟ ده‌نگه‌كه‌ بگۆِره‌ بۆ ده‌نگێكی گالته‌ئامێز. خاڵه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌نگه‌كه‌ له‌كاربخه‌یت به‌ گۆڕینی ئه‌و رێگه‌یه‌ی كه‌ ڕه‌خنه‌ت لێ ده‌گرێت. ئه‌گه‌ر گوێم له‌ ده‌نگی خۆم بێت ڕه‌خنه‌م لێ ده‌گرێ، ده‌موه‌ستێنێت. ئه‌گه‌ر گوێم له‌ ده‌نگێكی گاڵته‌جاریی و گاڵته‌ئامێز بێت، ئه‌وا پێده‌كه‌نم و به‌رده‌وام ده‌بم به‌ره‌و پێشه‌وه‌.
سه‌رچاوه‌:
7 Helpful Tips To Immediately Increase Your Confidence.
By: Kent Sayre
وه‌رگێرانی: شڤان گۆران

No comments:

Post a Comment