Sep 22, 2009

چه‌ند رێگایێك بۆ باشتر كردنى كارى مێشك




مێشك له‌ مرۆڤدا كۆنترۆلى هه‌موو شته‌كان ده‌كات و به‌رپرسه‌ له‌هه‌موو ئه‌و هه‌لسو كه‌وتانه‌ى كه‌ مرۆڤ ده‌یكات .. ده‌ڵێن لاى چه‌پی مێشك زانست ده‌نوێنێ و لاى راستیشی ژیرى و زیره‌كى ده‌نوێنىَ .. مێشك چۆنیه‌تى بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤ دیارى ده‌كات ، چۆن هه‌ڵس و كه‌وت ده‌كه‌یت ، چۆن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل ده‌وروبه‌رت ده‌به‌ستیت ، برِیار له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیت ده‌دات ، هه‌روه‌ها مێشك ئه‌وه‌ دیارى ده‌كات كه‌ مرۆڤێكى بیركه‌ره‌وه‌ بیت و ره‌وشت به‌رز بیت یانیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ .. مێشك بریار ده‌دات كه‌ چۆن بیر له‌ هه‌نگاوه‌كانت بكه‌یته‌وه‌ و به‌رپرسه‌ له‌ ره‌فتارو كارت.. هه‌روه‌ها مێشك رۆڵ ده‌بینآ له‌ مامه‌له‌ كردنت له‌گه‌ل ره‌گه‌زه‌كه‌ى تر و كێشه‌ سۆزدارییه‌كان .. مێشك زۆر هه‌ستیار تره‌ له‌ كۆمپیوته‌ر و زۆر هه‌ستیارتره‌ له‌وه‌ى كه‌ تۆبۆى ده‌چیت .. ئایا ده‌زانى كه‌ مێشكى مرۆڤ سه‌د بلیۆن ده‌ماره‌ خانه‌ له‌ خۆى ده‌گرێ و هه‌ر ده‌ماره‌ خانه‌یه‌ك په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ده‌ماره‌ خانه‌یه‌كى دیكه‌ هه‌یه‌ ؟
زۆر گرنگه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌وڵ بده‌ین كارى مێشكمان باشتر بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر له‌ ئێستا بتوانین كاره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى جوانتر ئه‌نجام بده‌ین ..
زۆر به‌ساده‌یی ده‌لێین ، مێشكت بنكه‌ى هه‌موو شتێكه‌ كه‌ ئه‌نجامى ده‌ده‌یت ،، هه‌موو شتێك كه‌ هه‌ستى پێ ده‌كه‌یت و بیرى لێده‌كه‌یته‌وه‌ .. ئه‌نجامدانى راهێنانه‌ فیكرییه‌كان رۆلێكى ئه‌رێنى و كاریگه‌ر ده‌بینن له‌ باشتر كردنى كارى مێشك ، بۆیه‌ 22 رێگه‌ هه‌یه‌ بۆ زیاد كردنى تواناى مێشك

1-گه‌شه‌ى خانه‌كانى مێشك :
لێكۆلینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى رێژه‌یه‌كى باش راهێنانه‌كانى له‌ش ئه‌نجام بده‌ن مێشكێكى باشتریان ده‌بێت . بۆیه‌ راهێنانه‌ وه‌رزشیه‌كان ئه‌نجام بده‌ ، پیاسه‌ بكه‌ ، یان له‌گه‌ڵ هاورێیه‌كت كاربكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاره‌زووه‌كانت بۆ كاركردن زیاتر بێت ..
2- راهێنان به‌ مێشكت بكه‌ :
تۆ له‌ تواناتدایه‌ زۆر ناوچه‌ له‌ مێشكت چالاك بكه‌یت و وایان لێ بكه‌یت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ئاماده‌باشیدا بن بۆ هه‌ر كارێك ..
د. كاتز له‌ زانكۆى دۆك - پزیشكى زانستى توێكارى و نه‌خۆشیه‌كانى سیسته‌مه‌كانى ده‌مار ، له‌ كتێبه‌كه‌ى گوتویه‌تى : ” مێشك به‌ چالاَكى بێَڵه‌وه‌ ” . دۆزینه‌وه‌ى هه‌ندىَ رێگاى ساده‌ بۆ ئیستیغلال كردنى به‌شه‌ داخراوو به‌كارنه‌هاتووه‌كانى مێشك له‌وانه‌یه‌ یارمه‌تیت بدات له‌ پاراستنى ده‌ماره‌ خانه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌ مێشكه‌وه‌ .. له‌ رێگه‌ى راهێنانى به‌رز كردنه‌وه‌ى قورسایی ، ماسولكه‌ به‌كار هاتووه‌كان گه‌شه‌ ده‌كه‌ن كه‌ جیاوازه‌ له‌ گه‌ل ئه‌و راهێنانه‌ى پێشتر ئه‌نجامت ده‌دا كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ ماسوله‌كه‌یه‌كى دیارى كراوى دیكه‌ .
هه‌روه‌ها د. كاتز ده‌ڵێت : ” دۆزینه‌وه‌ى رێگاى نوێ و سه‌یر له‌ بیركردنه‌وه‌ى و روانین له‌ جیهان له‌وانه‌یه‌ به‌شه‌ ناچالاَك و به‌كارنه‌هاتووه‌كانى مێشك به‌ره‌و باشتر ببات . وه‌كو دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ى نوێ بۆ كار ، سه‌فه‌ركردن بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ لاى تۆ نوێن ، ئه‌نجامدانى چالاكى هونه‌رى . و به‌كورتى ده‌ڵێین : پێویسته‌ شتێكى نوآ ئه‌نجام بده‌یت و زۆر له‌ خۆت بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ى له‌و حاڵه‌ته‌ رۆتینه‌ ده‌ربچیت كه‌ تیایدا ده‌ژیت ..
3- پرسیار بكه‌ بۆچى ؟
كاتێك ئێمه‌ پێده‌گه‌ین و ده‌گه‌ینه‌ ته‌مه‌نێكى دیارى كراو زۆرمان له‌وانه‌یه‌ شتێك ئینكار بكه‌ین و ره‌ت بكه‌یته‌وه‌ زۆر پرسیار له‌ هۆكارى شته‌كان بكه‌ین .. بۆیه‌ هه‌میشه‌ فزولى به‌ له‌گه‌ڵ خۆت ..! پرسیار له‌ خۆت بكه‌ كه‌ بۆچى ئه‌و شتانه‌ وایان لێهاتووه‌ ؟ پرسیارى بۆچى بكه‌ به‌ خویه‌كى نوآ ؟ به‌لانى كه‌مه‌وه‌ رۆژى ده‌هـ جار ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆت بكه‌ ، ئه‌وكات مێشكت زیاتر كامه‌ران ده‌بێت و زۆر هه‌ڵ بۆ چاره‌سه‌ری بۆ كێشه‌كان ده‌دۆزیته‌وه‌ له‌ ژیان و كاری رۆژانه‌ت ..
4- پێبكه‌نه‌ .
زاناكات پێمان ده‌ڵێن كه‌ پێكه‌نین بۆ ته‌ندروستیمان زۆر باشه‌ چونكه‌ له‌ ناخه‌وه‌ ئازادمان ده‌كات و په‌ره‌ به‌ وزه‌ كیمیاییه‌كانى ناو ئامێرى ده‌ماره‌خانه‌ ده‌دات .. پێكه‌نین هه‌ستێكى باشه‌ كه‌ یارمه‌تى نزم كردنه‌وه‌ى پاله‌په‌ستۆكان ده‌دات و ستایله‌ كۆنه‌كانیش ده‌شكێنىَ . بۆیه‌ پێكه‌نین وه‌ك شه‌حنێك وایه‌ كه‌ پاترى مێشكمانی به‌ هۆیه‌وه‌ شه‌حن ده‌كه‌ینه‌وه‌ … زۆر پێبكه‌نه‌ ..
5- خواردنى رۆنه‌كانى ( ئۆمێگا 3 ) .
رۆنه‌كانى ئۆمێگا 3 له‌ گوێز و تۆى كه‌تان و ماسیدا هه‌یه‌ .. به‌م دواییه‌ زانایان راده‌ى گرنگى ئه‌م رۆنه‌یان بۆ مرۆڤ بۆ مێشكى مرۆڤ دۆزییه‌وه‌. ئه‌ویش نه‌ك ته‌نها یارمه‌تى رێكخستنى سورِى خوێن ده‌دات و ئۆكسجینى پێویست بۆ مێشك ده‌بات به‌ڵكو كارى خانه‌كانى ده‌وروبه‌رى مێشك باشتر ده‌كه‌ن .. ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ رێژه‌یه‌كى زۆر ماسی ده‌خۆن كه‌متر مه‌ترسی تووشبوونیان به‌ خه‌مۆكى و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان لێده‌كرێت .. زاناكان ئه‌وه‌شیان ده‌ركردووه‌ كه‌ و ئه‌و جۆره‌ رۆنانه‌ زۆر گرنگه‌ له‌ گه‌شه‌ى مێشك له‌ منداڵ و و كار له‌ زیره‌كى منداڵ ده‌كات ..
6- شت وه‌بیره‌ خۆت بهێنه‌وه‌ ..
ئه‌لبوومى وێنه‌ كۆنه‌كانت بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و یاده‌وه‌رییه‌كانت وه‌بیره‌ خۆت بێنه‌وه‌ ، وا له‌ مێشكت بكه‌ كه‌ بیریان لێ بكاته‌وه‌ ئه‌وكات ده‌ره‌نجامه‌كه‌ى هه‌ندىَ سۆزى ئیجابی و په‌یوه‌ندی نوآ ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌ .. و له‌ رووبه‌رووبونه‌وه‌كانت له‌گه‌ل كێشه‌كان یارمه‌تى ده‌رت ده‌بن ..
7- ده‌ست هه‌ڵبگره‌ له‌ رۆنه‌كان ..
ئایا رۆنه‌كان مرۆڤ بێ ئه‌قل ده‌كات ؟
چه‌ند لێكۆله‌ره‌وه‌یه‌ك له‌ زانكۆى تۆرینتۆ سیسته‌مێكى پاراستنیان دانا ، چه‌ند لێكۆلینه‌وه‌كیان له‌سه‌ر مشكه‌كان ئه‌نجام دا كه‌ خواردنه‌كه‌یان 40% ى رۆنی تیابوو ، ئه‌و رێژه‌یه‌ كارى نه‌رێنى له‌سه‌ر زۆر ناوچه‌ى كارى مێشك كرد و له‌وانه‌ش ( یاده‌وه‌رى ) و رێژه‌ى تێگه‌شتن و فێربوون . رۆنه‌كان واده‌كه‌ن كه‌ رێژه‌یه‌كى كه‌متر له‌ ئۆكسجین بۆ مێشك برِوات و كردارى شیكردنه‌وه‌ى شه‌كرى گلۆكۆز كه‌متر ده‌كات .. به‌لاَم رۆنى زه‌یتوون زیانى بۆ مرۆڤ نابێت ..
8- هه‌ندآ كاتت به‌ شیكاركردنى مه‌ته‌له‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ر ببه‌
وه‌ك ووشه‌ى یه‌كتر برِ یان رێكخستنى وێنه‌ پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌كان .. شیكاركردنى مه‌ته‌ڵه‌كان له‌ كاتی بۆشاییت رێگه‌یه‌كى زۆر گرنگه‌ بۆ چالاَك كردنى مێشكت و بۆ ئه‌وه‌ى واى لێ بكه‌یت له‌ حاڵه‌تێكى باش كارى خۆى بكات .. مه‌ته‌له‌كان بۆ خۆشی شیكار بكه‌ … به‌لاَم له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌ بزانه‌ كه‌ تۆ راهێنان به‌ مێشكت ده‌كه‌یت .
9- كاریگه‌رى مۆسیقا ..
له‌ ده‌یه‌ى رابردوو ، د . فره‌نسیس زاناى بوارى ره‌فتاركردن ، ئه‌وه‌ى دۆزییه‌وه‌ كه‌ گوێگرتن له‌ جۆرێك له‌ مۆسیقا كه‌ به‌ ( مۆزارات ) ناو ده‌برێت ، به‌جێهێنان و بیركردنه‌وه‌ى وه‌رزشوانانى باشتر كردوه‌ ..
گوێگرتن له‌ مۆسیقاى موزارات سێ جینه‌ی به‌رپرس له‌ ده‌ماره‌ خانه‌ چالاك ده‌كات . به‌و پێیه‌ش ده‌بێته‌ هۆى به‌هێز كردنى توانا زهنییه‌كان .. و یه‌كێك له‌ لێكۆلینه‌وه‌كان ئه‌وه‌شی ده‌رخستووه‌ كه‌ گوێگرتن له‌ چیرۆك هه‌مان ئه‌نجام ده‌دات له‌ به‌هێز كردنى مێشك ..
10- په‌ره‌ به‌ كارامه‌یی و به‌هره‌كانت بده‌ له‌و بواره‌ى كه‌ كارى تیاده‌كه‌یت ..
هه‌میشه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ كه‌ په‌ره‌ به‌ به‌هره‌كانت بده‌یت و له‌ كاتى ئه‌نجامدانى كاره‌كانى رۆژانه‌ت كارامه‌یی خۆت نیشان بده‌ .. وه‌كو خوێندنه‌وه‌ ، وێنه‌ كێشان ، كاركردن له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ر ، دروومان .. واته‌ كتێب له‌ بواره‌ جیاجیاكان بخوێنه‌وه‌ ، فێرى هونه‌ری نوێتری وێنه‌ كێشان به‌ ، كار له‌سه‌ر پرۆگرامێكى نوێی كۆمپیوته‌ر بكه‌ ، راهێنان له‌سه‌ر دوورینى جلى ئالۆزتر … و هه‌روه‌ها … واته‌ مێشك به‌ره‌و ئاسۆى نوێ ببه‌ … ئه‌مه‌ یارمه‌تى مێشكت ده‌دات كه‌ ساغو سه‌لامه‌ت و ته‌ندروست بێ .
11- مرۆڤێكى بیركه‌ره‌وه‌ به‌ … نه‌ك ئاڵووده‌ ..
بیرۆكه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ خواردنه‌وه‌ كحوولییه‌كان خانه‌كانى مێشك ده‌كوژێ و تێكیان ده‌شكێنى .. بیرۆكه‌یه‌كى كۆنه‌ به‌لام زۆریش له‌وه‌ زیاتر كاریگه‌رى له‌سه‌ر مێشك هه‌یه‌ .. بیره‌وه‌رى مرۆڤى ئالووده‌ ( موعتاد ) به‌ره‌و دابه‌زین و لاواز بوون ده‌روات و گه‌شه‌ى خانه‌ى نوێ ده‌وه‌ستێت .
12- یارى بكه‌ ..
كاتێك بۆخۆت دیارى بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یارى تیادا بكه‌یت .. یارى تۆپی پێ .. یارى ڤیدیۆیی .. هه‌ر چییه‌ك بێ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ یارى بكه‌یت . چونكه‌ یارى كردن گرنگى تایبه‌تى بۆ گیان و مێشكت ده‌بێت .. و ده‌رفه‌ت به‌ مێشكت ده‌دات بۆ بیركردنه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى مه‌نتقی و واى لێ ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كى باشتر كارى خۆى ئه‌نجام بدات ..
13- بیر له‌ شتێك بكه‌ره‌وه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بیره‌ بخه‌وه‌ ..
ئه‌وه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ یان سه‌یر كردنى هه‌ندىَ زانیارى راسته‌وخۆ پێش خه‌وتن هێزى بیره‌وه‌رى له‌ رێژه‌ى 20 تا 30 % زیاد ده‌كات ..
ده‌توانى ئه‌و زانیارییانه‌ له‌ نزیك شوێنى نووسته‌نه‌كه‌ت دابنێیت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ئاسانى به‌سه‌ریان بكه‌یته‌وه‌ .. ئه‌مه‌ش له‌ بارێكدا ده‌بێت كه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ وات لێ نه‌كه‌ن كه‌ خه‌وت لێ نه‌كه‌وێت .. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بیرت مه‌شغوول بكه‌ن پێویسته‌ له‌سه‌ر لاپه‌ره‌یه‌ك بینووسیت .. له‌ مێشكى خۆتیان ده‌ركه‌ .. بۆ ئه‌وه‌ى تووشى خه‌و رزان نه‌بیت ..
و بۆیه‌ش … با هه‌رده‌م پێنووس و په‌رِه‌ت له‌لا بێ …
14 - ته‌ركیز كردن ..
ده‌توانرێت وزه‌ و به‌جێهێنانى مێشك زیاد بكرێت له‌ رێگه‌ى ته‌ركیز كردن له‌سه‌ر شته‌كان .. له‌وانه‌یه‌ هه‌ندآ شت روون و ئاشكرا بن به‌لاَم هه‌ندآ شتی تر هه‌یه‌ پێویستى به‌ ته‌ركیز ده‌بێت ..
بۆ نموونه‌ له‌وانه‌یه‌ تۆ دوول دلڕ بیت له‌ ئه‌نجامدانى په‌یوه‌ندییه‌كى تێله‌فۆنى .. كه‌ نازانیت ئه‌نجامى بده‌یت یان نا . ؟ و له‌وانه‌یه‌ ئه‌م شته‌ بێزارت بكا و تواناى بیكردنه‌وه‌ت لاواز بكات .. بۆیه‌ .. ئه‌م پرسیاره‌ له‌ خۆت مه‌كه‌ ( له‌م ساته‌دا چی به‌ مێشكمدا دێت ؟) به‌ڵكو ئامانجه‌كه‌ت دیارى بكه‌و مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ . له‌ نموونه‌ى پێشوودا ، ده‌توانیت په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌یت یاخود دواى بخه‌یت بۆ كاتێكى دیكه‌ یان بۆ سبه‌ى ، به‌م شێوه‌یه‌ مێشكت ده‌حه‌سێته‌وه‌ .
ئه‌مه‌ش وات لێ ده‌كات كه‌ زیاتر تواناى بیركردنه‌وه‌ى روون و ئاشكرات هه‌بێ . .. ئه‌م رێگایه‌ به‌كار بێنه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تواناى مێشكت به‌هێزتر بكه‌یت .
15- عه‌قلی خۆت خۆش بوێ و یارى له‌گه‌ڵ عاتیفه‌كانت بكه‌..
ناتوانیت كارێكى گه‌وره‌ ئه‌نجام بده‌یت بێ به‌جێهێنانى كه‌سیی .. خه‌لك له‌ رێگه‌ى فێربوون و داهێنانه‌وه‌ گه‌شه‌ ده‌كه‌ن .. كاتێك به‌جێهێنانه‌كانیان زیاتر ده‌بێت .. هه‌ڵسه‌نگاندنى كاره‌كانیان زیاتر ده‌بێت له‌ 127 % . خۆت دڵخۆش بكه‌ به‌ به‌جێهێنانه‌كانت .. وه‌بیره‌ خۆت بینه‌وه‌ … كاتێك كه‌ منداڵ بوویت ده‌تویست چی بكه‌یت ..؟؟ بنچینه‌ى ئه‌و ئاره‌زووانه‌ بگه‌رێنه‌وه‌ ناو كارو ژیانى ئێستات .. هه‌ریه‌كه‌ له‌ ( دافینشی ، ئه‌دیسۆن ، ئه‌نیشتاین ، بیكاسو ، ) حه‌زیان له‌ دۆزینه‌وه‌ و خۆشیی ده‌كرد ..
16 - خولگه‌ى هۆش
له‌وانه‌یه‌ له‌ درێژایی رۆژدا هۆش و هه‌ستت زیادو كه‌م بكات . له‌ هه‌ر 90 ده‌قیقه‌دا 30 ده‌قیقه‌ خولگه‌ى هۆشت له‌ ئاستێكى نزمدا ده‌بێت . چاودێرى خودى خۆت بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ست به‌و شته‌ بكه‌یت .. ئه‌گه‌ر توانیت شته‌كان بناسیته‌وه‌ و حاڵه‌تى عه‌قلیی خۆت تاقی بكه‌یته‌وه‌ .. ده‌توانیت ئه‌و ئه‌رك و كارانه‌ش ئه‌نجام بده‌یت كه‌ ته‌ركیزێكى زۆرى پێویست ده‌بێت له‌و كاتانه‌ى كه‌ عه‌قل له‌ نزمترین پله‌كانى هۆش و ته‌ركیز بێت .
17 - فێرى شتێكى نوێ به‌
ده‌توانیت سوود له‌ كارى جوانى مێشك وه‌ربگریت كاتێك واى لێ بكه‌یت كه‌ فێرى شتى نوىَ بێ . له‌وانه‌یه‌ بابه‌تێكى دیارى كراوت لا هه‌بێ كه‌ تایبه‌ت بێ به‌ كاره‌كه‌ته‌وه‌ یان به‌ كاتى بۆشایی و ده‌ته‌وێت لێیانه‌وه‌ فێرى زیاتر شتى نوێ بیت .. ئه‌وه‌ شتێكى زۆر گه‌وره‌یه‌ … به‌رده‌وام به‌ و فێرى به‌ .. ئه‌گه‌ر هیچ بابه‌تێك له‌ بیرتا نه‌بوو .. هه‌وڵ بده‌ رۆژانه‌ فێرى ووشه‌ى نوىَ بیت .. په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز هه‌یه‌ له‌ نێوان كاركردن له‌سه‌ر ووشه‌ نوێیه‌كان و زیره‌كیی . كاتێك ووشه‌ى نوێ له‌ فه‌رهه‌نگمان هه‌بێت ، مێشكمان ریگه‌ى نوێی ده‌بێت بۆ تێگه‌یشتن له‌ هه‌موو ئه‌و بۆچوون و بیركردنه‌وه‌ جیاوازانه‌ ..
عه‌قلت وا رابێنه‌ كه‌ فێر بێت .. ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ باشترین رێگه‌ بۆ گه‌رِاندنه‌وه‌ى وزه‌ى مێشك ..
18 - بنووسه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بخوێندرێیته‌وه‌ ..
نووسین بۆ خودى خۆت بایه‌خێكى زۆر گه‌وره‌و و گرنگى هه‌یه‌ .. نووسین راده‌ى وه‌رگرتنى مێشكت بۆ شته‌كان فراوانتر ده‌كات .. به‌ دواى چه‌ند رێگایه‌ك بگه‌رێ بۆ نووسین ، بۆ نموونه‌ نووسینى هه‌ندآ شت بۆ هاورێكانت تا بیخوێننه‌وه‌ ، گه‌رِاندنه‌وه‌ى هه‌ندآ چیرۆكى ته‌مه‌نى منداڵیت و دووباره‌ دارشتنه‌وه‌ى ، یاخود هه‌ر شتێك بێت ، بنووسه‌ ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌تۆ بنووسیت بۆ ئه‌وه‌ى بخوێندرێیته‌وه‌ .
19- مێشكت چالاكتر بكه‌ به‌ بۆنى خۆش ..
كاتێك له‌ وانه‌یه‌كى درێژ هه‌ست به‌ خه‌و ده‌كه‌یت یان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك یاخو كۆنگره‌یه‌كى درێژ ، ده‌توانیت مێشكت چالاك بكه‌یته‌وه‌ بۆ بۆن كردنى بۆنی له‌یموون ، به‌مه‌ وا هه‌ست ده‌كه‌یت كه‌وا به‌ ئاگا هاتویه‌ته‌وه‌ و زیاتر ئاگاداری وانه‌كه‌ ده‌بیت .
بۆنه‌كان زۆر به‌سوودن بۆ مێشك .. جا بۆ وه‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى چالاكى یان خاوبوونه‌وه‌ بێت به‌كاریان بێنه‌ .
بۆ نوێ كردنه‌ و زیاد كردنى وزه‌ى مێشكت بۆنى نه‌عناع و له‌یموون به‌كار بێنه‌ ، بۆ خابوونه‌وه‌ش بۆنى گولڕ به‌كار بێنه‌ .
20 - چا و قاوه‌ بۆ زیاد كردنى وزه‌ى مێشك .
چا و قاوه‌ و خواردنه‌وه‌كانى دیكه‌ كه‌ ماده‌ى كافایینیان تێدایه‌ ، یارمه‌تى قوتابیان ده‌ده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى پله‌ى به‌رز له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانیان .. سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى كه‌ كافایین هه‌ندىَ كاریگه‌رى خراپیشی هه‌یه‌ بۆ مێشك ..
21- رۆنانى ( دروست كردنى ) مێشكت بپارێزه‌ ..
با ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ ده‌وروبه‌رتدان ، كه‌سی كاركه‌ر بن له‌ بواره‌ جیاجیاكان ، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆى زیاتر هاندانت و په‌ره‌ به‌ هێزى داهێنانى ناخت ده‌ده‌ن . گۆڤاره‌ هه‌مه‌رِه‌نگه‌كان بخوێنه‌وه‌ كه‌ بابه‌تى ره‌نگاو ره‌نگ له‌خۆده‌گرن . پێویسته‌ ئه‌وه‌ وه‌بیرى خۆت بهێنیته‌وه‌ كه‌ گرنگ نیه‌ ته‌مه‌نت چه‌نده‌ یان چ كاره‌یت .. مێشك پێویستى به‌ كۆڵنه‌دان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بگات به‌ به‌رزترین ئاستی جێ به‌جێ كردن ..
22-له‌و هۆكارانه‌ دوور بكه‌ره‌وه‌ كه‌ مێشك تێك ده‌ده‌ن :
1-نه‌خواردنى نانى به‌یانیان : ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ خواردنى به‌یانیان ناخۆن تووشی دابه‌زینى رێژه‌ى شه‌كر ده‌بن له‌ خوێنیان . ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆى نه‌گه‌یشتنى خۆراكى پێویست بۆ مێشك ..
2-زۆر خواردن : ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ى كه‌ ده‌بێته‌ هۆى ره‌قبوونى خوێنبه‌ره‌كانی مێشك و به‌ دوای دا دابه‌زینى توانای مێشك .
3-جگه‌ره‌ كێشان : ده‌بێته‌ هۆى پوكانه‌وه‌ى مێشك و له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆى نه‌خۆشی زه‌هایمه‌ر ..
4-زیاد به‌كارهێنانى شه‌كر : زیاد به‌كارهێنانى شه‌كر پرۆسه‌ى مژینى پرۆتین و ماده‌ خۆراكییه‌كانى دیكه‌ زه‌حمه‌ت ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆى به‌د خۆراكى و له‌وانه‌یه‌ گه‌شه‌ى مێشك بوه‌ستێنێت .
5-پیس بوونى هه‌وا : مێشك له‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌كانى دیكه‌ى له‌ش زیاتر پێویستى به‌ ئۆكسجین هه‌یه‌ ، هه‌ڵمژینى هه‌وای پیس گه‌یشتنى ئۆكسجینى پێویست بۆ مێشك كه‌م ده‌كات ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى نزم بوونه‌وه‌ى كارایی مێشك .
6-نه‌خه‌وتن : نووستن یارمه‌تى حه‌سانه‌وه‌ى مێشك ده‌دات ، نه‌خه‌وتن بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ و به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام ده‌بێته‌ هۆى مردنى خانه‌كانى مێشك .
7-به‌ستنه‌وه‌ى سه‌ر له‌ كاتى خه‌وتن : به‌ستنه‌وه‌ى ( گرێدانى ) سه‌ر له‌ كاتى خه‌وتن ، كۆبوونه‌وه‌ى گازى دوانه‌ ئۆكسیدى كاربۆن زیاد ده‌كات و رێژه‌ى ئۆكسجینیش كه‌م ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ئاسه‌وارى خراپی ده‌بێت بۆ سه‌ر مێشك .
8-ئیش پێكردنى مێشك له‌ كاتى نه‌خۆشی : له‌وانه‌یه‌ ئیش پێكردنى مێشك و كاركردن و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ى شته‌كان له‌ كاتێكدا كه‌ تۆ ناخۆشیت و ته‌ندروستیت باش نیه‌ ببێته‌ هۆى نزم بوونه‌وه‌ى كارایی مێشك و تێكچوونى .
9-كه‌م بیركرنه‌وه‌ : بیركردنه‌وه‌ى باشترین رێگایه‌ بۆ راهێنانى مێشك ، پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ له‌وانه‌یه‌ مێشك به‌ره‌و لاواز بوون برِوات .
10-قسه‌ نه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر : ئاخاوتن و گفتو گۆى فكرى ئاستى زیره‌كیی مێشك زیاد ده‌كات .



و . له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ / شڤان بانده‌ر

No comments:

Post a Comment